هێڵی توندووتیژی و دەستدرێژی 116 006 هێڵێکی یارمەتی بۆ گشت ئەو کەسانەیە کە توندووتیژی و دەستدرێژی لە ناو خێزان یا خود کەسووکاردا ئەزموون ئەکەن
ئێمە لە هێڵی توندووتیژی و دەستدرێژی (VO-linjen) لە چەندین کەسانی شارەزاو و لێهاتوو پێکهاتووین کە دەمانەوێت یارمەتیت بدەین. تۆ دەتوانیت هەرکاتێک لە شەوانەرۆژدا بتەوێت پەیوەندی بکەیت. ئێمە گوێ لە کێشەکانت دەگرین، دەتوانین وەڵامی پرسیارەکانت بدەینەوە، ئامۆژگاری و رێنماییت بکەین. هەروەها لە رێگەی چاتەوە دەتوانیت پەیوەندی بە هێڵی توندووتیژی و دەستدرێژی (VO-linjen) بکەیت. چات و تەلەفۆن بە تەواوی نەناسراون و بێبەرامبەرن
ژمارە تەلەفۆن: 116 006
لە رێگەی volinjen.no لە گەڵ ئێمەدا چات بکە
بە زمانەکانی نەرویجی و ئینگلیزی دەتوانیت لەگەڵ هێڵی توندووتیژی و دەستدرێژی (VO-linjen) قسە بکەیت. ئەگەر شارەزاییت لەسەر ئەم دوو زمانە نەبێت، ئەوا دەتوانیت بە هاوکاری کەسێکی تر کە زمانی نەرویجی یا ئینگلیزی دەزانێت پەیوەندیمان پێوە بکەیت

تۆ هەروەها دەتوانیت پەیوەندی بە بنکەی پاراستن (Krisesenter) لە ناوچەی خۆت بکەیت. لێرەدا دەتوانیت لیستەی بنکەکانی پاراستن بدۆزیتەوە. پۆلیس، بنکەکانی پاراستن و دەزگاکانی تری یارمەتیدەر لە کاتی پێویستدا کەڵک لە وەرگێر وەردەگرن

توندووتیژی چییە؟

توندووتیژی جەستەیی
گشت توندووتیژیییەکە، کە بەرکەوتنی جەستەیی لە خۆ بگرێت: وەک شەق لێدان، لێدان، قژ ڕاکێشان، گەزتن، گرتن، ڕاوەشاندن، پاڵپێوەنان و قورگ گرتن. بەندکردن و دابڕاندنیش بە شێوەیەک وەک توندووتیژی جەستەی هەژمار دەکرێن
توندووتیژی دەروونی
بەکارهێنانی ووشەو دەنگ بە مەبەستی هەڕەشەکردن، زیان گەیاندن، بێڕێزی پێکردن یا کۆنتڕۆڵی کردنی کەسانی تر. پشتگوێ خستن، سووکایەتی پێکردن و بێبایەخ دانانی کەسانی تریش بە هەمان شێوە لە خەسڵەتەکانی توندووتیژی دەروونین. نموونەکانی توندووتیژی ئەتوانن بریتیبن لە: ''ئەتکوژم، ''بیقیمەتیت''، تۆ ئەوەندە ناشیرین و قەڵەویت کە کەس ناتوانێت خۆشی بوێیت''
توندووتیژی حەشاردراو
توندووتیژییەک کە لە ''هەوادایە''. توندووتیژی حەشاردراو ئەتوانرێت وەک ترسێکی بەردەوام لە ڕوودانی توندووتیژی داهاتوو پێناسە بکرێت، ترسی بەردەوام لەمە کە ئەم توندووتیژییە کەی ڕوو ئەدات. ئەم توندووتیژییە لە رێگەی ئەمە خۆی دەرئەخات کە کەسی قووربانی ڕەفتارو هەڵسووکەوتی خۆی بە شێوەیەک ئەگوونجێنێت تا نەبێتە هۆی ورووژاندن و تووڕەکردنی کەسی تووندووتیژکار یا بکەری توندووتیژی
توندووتیژی مادی
هەر جۆرە توندووتیژییەکە کە ئاڕاستەی شت بکرێت، کە زیان بە کەسانی تر بگەیێنێت، بیان ترسێنێت و سووکایەتییان پێبکات. توندووتیژی مادی دەکرێت شەق لێدان لە دەرگا بێت، لێدانی مێز بێت، شکاندن و دڕاندنی شتێک بێت
توندووتیژی سێکسی یا جنسی
هەر جۆرە دەستدرێژییەکی جنسیە بۆ وێنە کردەوە یا هەوڵدانی ئەنجامدانی ئەو کردەوانەی کە پەیوەندی جەستەیی بەبێ رەزامەندی لێ بکەوێتەوە. ئەمە دەتوانێت دەست لێدان، دەست پێداهێنان، کردەوەی هاوشێوەی جووتبوون، جووتبوون و دەستدرێژی سێکسی لەخۆ بگرێت. هەروەها ئەو کردەوانە یا هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی ئەو کردەوانە کە پەیوەندی جەستەیی لەخۆ ناگرن وەک قسەی سێکسی پێووتن، وێنە گرتن، فیلم گرتن، چاولێکردن و نیشاندانی فیلمی پۆرنو وەک توندووتژی سێکسی دائەنرێن
توندووتیژی ئابووری
کۆنتڕۆڵ کردنی ئابووری کەسانی تر، کە تێیدا هاوژین رێگەی پێنادرێت کۆنتڕۆڵی بەسەر ئابووری هاوبەشدا هەبێت. نموونەی توندووتیژی ئەتوانێ ئەمە بێت کە یەکێک ساختەکاری بۆ واژۆ یا ئیمزای تۆ بکات تا لەم رێگەوە بە ناوی تۆوە پارە قەرز بکات. توندووتیژی دیجیتاڵ، توندووتیژی دیجیتاڵ بۆ وێنە هەڕەشە کردن، ئازاردان، چاودێری کردن یا کۆنتڕۆڵ کردن لە رێگەی تەلەفۆنی مۆبایل یا ئینتەرنێت و زۆربەی کات لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە لەخۆ ئەگرێت
توندووتیژی دیجیتاڵ
ئەمە هەروەها دەتوانێت بڵاوکردنەوەی وێنە یا فیلمی کەسێک بەبێ رەزامەندی کەسەکە لەخۆ بگرێت. توندووتیژی دیجیتاڵی هەروەها دەستدرێژی سێکسی لە رێگەی ئینتێرنێت لەخۆ ئەگرێت
ئایا لەلایەن کەسوکارت توندووتیژی و دەستدرێژیت بەرامبەر ئەنجام دراوە؟

ئایا هەڕەشەی توندووتیژیت لێ ئەکرێت؟

ئایا لە ماڵەوە هەست بە پارێزراوی دەکەیت؟

ئایا هەستێکی ناخۆشت سەبارەت بەمە هەیە کە شتەکان وەک ئەوەی چاوەڕوانیان لێدەکرێت نین؟
تۆ بە تەنیا نیت! پەیوەندنی بە هێڵی توندووتیژی (VO-linjen) بکە

پێشنیاری یارمەتیەکانی تر

رێگەی دەرچوونت (Din Utvei)
www.dinutvei.no

سکرتاریەتی بنکەی پاراستن (Krisesentersekretariatet)
www.krisesenter.no

هاوکاری بۆ قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ (ROSA)
www.rosa-help.no